وەک هەمووان دەزانین ژێنێتیکی هەر تاکێک لە ڕواڵەتیدا دەورێی سەرەکیی هەیە، هەربۆیە مناڵان زیاتر لە دایکوباوکیان دەچن. بەڵام ڕۆڵی بکەرە سروشتیەکانیش ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگرە و نابێ چاوی لێ دابخرێت. چونکوو ئەم بابەتە بە ڕادەیەک کاریگەرە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵ ڕواڵەتێکی جوانتری هەبێت لە دایکوباوکی خۆی. بۆ نموونە ئەمڕۆکە بەهۆی خواردنی باشترەوە، مێرمنداڵەکان باڵایان بەرزترە لە دایکوباوکیان، هەربۆیە بەهۆی ئەوەی کە کەمتر خۆیان دەدەنە بەر تیشکی خۆر، لەچاو دایکوباوک، کەمترتووشی پەڵە و خاڵ و خەسارەکانی دیکەی پێست دەبن. سەبارەت بە لووتیش بکەرگەلێکی سروشتیی جۆراوجۆر بوونیان هەیە کە دەتوانن ببنە هۆی ئەوەی کە لووتیان ڕواڵەتێکی باشتری هەبێت لەچاو هی دایکوباوک.
بەکورتی هەندێک لە بکەرە کاریگەرەکان لە گەشەی لووت، لە لای خوارەوەدا ئاماژەیان پێدەکرێت.
وەک یاسایەکی گشتی لە لەشی مرۆڤدا، هەرکاتێک کە ئەندامێک چالاکیی زیاتری هەبێت زیاتر گەشەدەستێنێت و بەپێچەوانەشەوە ئەو بەسانەی لەش کە چالاکییان دەوەستێت دادەبەزن. بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتری ئەم بابەتە سەرنج بدەنە وێنەکەی لای خوارەوە.
وەک دەبینرێت تاکێک بەهۆی ئیفلیجبوونی منداڵەوە قاچی چەپی خۆی بەکارنەهێناوە و کە تەمەن هەڵکشاوە ئەم قاچە کورت و لاواز ماوەتەوە. واتە سەرەڕای ئەوەی کە ماسولکەکانی تاک گەشەیان نەکردووە، ئێسکەکانی قاچی چەپیشی گەشەی پێویستی بەخۆوە نەدیوە. سەبارەت بە لووتیش باسێکی هاوشێوە دێتە ئاراوە، گەشەی سینووسەکان، کونالووت، گوپەکان، کاکیلەی سەرەوە، ددانەکان و بەگشتی بەشی مامناوەندی دەموچاو پەیوەندی بە هەناسەدانێکی پێویست هەیە لە تەمەنی منداڵی و مێرمنداڵیدا. لەکاتێکدا کە لە درێژەی بارودۆخی گەشەدا هەناسەدان لەڕێگەی لووتەوە نەکرێت، هەندێک بشێوە لە قەبارەی لووت و دەموچاودا دروست دەبێت کە لێرەدا چەن خاڵێکی سەلمێندراو وەک نموونە دەخەمە بەر باس.
بە هەرهۆیەک بێت، گەر هاتو لووتی مرۆڤ لە تەمەنی منداڵیدا بەتەواوەتی کپ بێت و تاک نەتوانێت لەڕێگەی لووتەوە هەناسەبدات (وەک منداڵێک کە لەوزەی سێیەمێکی گەورەی هەیە)، لووتی گەشە ناکات، هەربۆیە باریکەلە و تا ڕادەیەک بچووک دەمێنێتەوە. دەموچاوی ئەم تاکە گەشەیەکی بەپانایی گونجاو بە خۆوە نابینێت و لە گەورەساڵیدا زۆرجر دەموچاوێکی کێشراو و گوپگەلێکی ناهەڵکەوتوویان دەبێت. ئەم کەسانە بەهۆی باریکبوونی بەشەکانی سەرەوەی لووت، لەوانەیە لووتکەی لووتیان تا رادەیەکی کەموزۆر ئێجگار گەورە بێتە پێش چاو( وێنەی ١ لای راستەوە). لە تایبەتمەندییەکانی ئاوەها کەسنێک دەکرێ ئاماژە بە بەوە بکەین کە بەردەوام و هەمیذەیی دەمیان کراوەیە و ددانەکانیان بەبێ پێکەنین و قسەکردن دیارە. (وێنەی ١)
لووتی ئێمە ماسولکەگەلێکی هەیە کە یارمەتیی کراوەتربوونی کونەکانی لووت دەدەن. ئەم ماسولکەگەلە کاتێک بەکاردەهێنین کە پێویستیمان بە هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵ بێت(بۆ نموونە لەکاتی وەرزشکردندا) . لەکاتێکدا کە لە تەمەنی منداڵیدا لووت کەمتازۆر کپ بووبێت و تاکەکە بتوانێت بە کەڵک وەرگرتن لە ماسولکە فشکەرەوەکانی کونگەلی لەش، زاڵ ببێت بەسەر گیرانی لووتدا، گرژبوونەوەی بەردەوام و لەڕادەبەدەری ئەم ماسولکانە، بەتێپەڕینی کات دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشی خوارەوەی لووت پانترببێتەوە و کونەکان ئێجگار گەورەتر ببن.(وێنەی 2)
کەسێک کە لە تەمەنی منداڵیدا بەهۆی زرمەوە تووشی شکانی لووت بووبێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە سەرەتادا بچووکە و زۆر دیار نییە بەڵام بە تێپەڕینی کات دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێسکەکانی لووت لار گەورە ببن و دواجار لووتێکی بێفەڕ و ناهاوتا بێتە ئاراوە. (وێنەی 3)
گەر لە تەمەنی منداڵیدا بەس یەکێک لە کونەکانی لووت تووشی گیرانی بەردەوام بووبێت و لایەنی بەرامبەر کراوەبێت، ئەمە دەتوانێ ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە گەشەی کونالووت و سینووسەکانی هەردوو لای دەموچاو و دواجار، نیوەی لایەنێکی دەموچاو گەورەتر یان بچووکتر لە نیوەی لایەنی بەرامبەر دەرکەوێت. سەرەڕای ئەوەی کە ناهاوخشتیی دەموچاو تا ڕادەیەکی بەرچاو لە هەموو تاکێکی تەندروستدا بوونی هەیە بەڵام ئەوانەی کە تووشی کێشەکەی سەرەوەن بەشێوەیەکی بەرچاو ئەم دۆخە پیشان دەدەن (وێنەی ٤)
کاتێک کە ڕووماڵی لینجەی ناوەوەی لووت بەبۆنەی هەستۆکی و حەساسییەتەوە گەشەی لەڕادەبەدەری هەبێت پوولیپی لووت دروست دەبێت. لەکاتێکدا کە ئەم پوولیپانە چارەسەر نەکرێن و بەردەوام بن لە گەشەی خۆیان، دەتوانن هەموو کونەکانی لوت پڕ بکەنەوە و بە زەبرێکەوە کە دەیخەنە سەر دیواری ناوەوەی لووت ببنە هۆی گەشەی هێمنانەی ئێسکەکان بەرەو دەرەوە و لووت پان بکەن. ئەم ڕووداوە بە تەنیا پایبەند نییە بە منداڵان بەڵکوو گەورەساڵانیش لەوانەیە تووشیان بێت.(وێنەی ٥)
خاڵەکانی سەرەوە بەس بەشێکن لە بکەرە سروشتییە کاریگەرەکان لەسەر ڕواڵەتی لووت. بەکورتی و زانستییانە دەکرێ بڵێین کە هەموو نەخۆشینەکانی لووت و سینووسی تەمەنی منداڵی گەر بێت و موزمن ببنەوە دەتوانن کاریگەری لەسەر لووت دابنێن. هەربۆیە بە چارەسەرکردنی گونجاویان، بەری ناحەزبوونی لووت دەگیردرێت.