چاککردنەوەی ئاسەواری برینەکان

زمان مطالعه مطلب: 6 دقیقه

  • بۆچی ئاسەواری هەندێک لە برینەکان دەمێننەوە؟

    پێستی لەش توێیەکی ئێجگار جوانە کە ئەندامەکان دەشارێتەوە و دیمەنێکی جوان بۆ بەشە جۆراوجۆرەکانی لەش دێنێتە ئاراوە. ئەم پێستە توێگەلێکی جۆراوجۆری هەیە کە گەر بێت و تووشی خەسار ببن دەتوانن خۆیان چاک بکەنەوە. گەر توێ ڕووکەشەکانی پێست بریندار ببن، پەرۆشی ئەوەتان نەبێت کە گوایە شوێنەکەی بمێنێتەوە، چونکوو زۆر بە ئاسانی دگەڕێتەوە بۆ دۆخی سروشتیی خۆی. بەڵام گەر توێکانی ناوەوەی پێست بریندار ببن و خەساریان بەرکەوێت، پێستە چاککراوەکە وەک دۆخی پێش برینەکەی لێ نایەتەوە و شوێنی برینەکە دەمێنێتەوە.

    چۆن دەتوانین نەهێڵین ئاسەواری برینەکان بمێننەوە؟

    زۆربەی خەڵک نازانن کاتێک کە بریندار دەبن، دەتوانن کارێک بکەن کە بەری مانەوەی برینەکان بگرن یان ببنە هۆی ئەوەی کە برینەکە، ئاسەوارێکی کەمتر جێبهێڵێت. جارجار ئەم خاڵە ئێجگار ساکارانە ئەوەندە گرنگن کە کاتێک ڕەچاوبکرێن دەرەنجامی وایان لێ دەبێتەوە کە لە هیچ ڕێگەیەکیتر (وەک نەشتەرگەری، لەیزر و …) ەوە پێیان ناگەین. هەربۆیە بۆ بەرگیری لە مانەوەی ئاسەواری برینەکان دەبێت ئەم خاڵە ئێجگار گرنگانەی لای خوارەوە ڕەچاوبکرێن.

    1. بەرگیری لە دروستبوونی چڵکی برین و خەساری زیاتر گەیشتن بە زیندوولەکانی دەوروبەری

      بۆ نموونە لە سووتان یان کیڕانە ڕووکەشەکاندا، گەر بەهۆی خۆپاراستنی نەگونجاوەوە ئاسەواری برینەکە چڵک بکات، توێ ‌قووڵەکانی پێست خەساریان بەردەکەوێت و ئەم بابەتە دەبێتە هۆی بەجێمانی ئاسەواری برین. هەربۆیە لە هەندێک لە برینەکاندا بۆ بەرگیری لە چڵککردن، بەرخۆرکردنی دەرمان و ئەنتی‌بیۆتیک پێویستە.

    2. تواوەی بتادین بەکارمەهێنە

      پێچەوانەی ڕای گشتیی خەڵک کە پێیان وایە بەکارهێنانی بتادین گونجاوە بۆ دژه‌چڵک پێکردنی برین، بە هیچ شێوەیەک بۆ خاوێنکردنەوەی ئاسەواری برین، بتادین بەکارمەهێنە. ئاگاداری ئەوە بە کە ئەم تواوەیە وەک چۆن میکرۆبەکان دەکوژێت، خەسار دەگەیەنێتە زیندوولە تەندروستەکانی برینەکە و دەبێتە هۆی خراپتربوونی ئاسەواری برینەکە. بەگشتی برینی وەک لینجەی چاو هەستیارە و ئەوەی کە ناتوانین بکەینە ناو چاومانەوە ناشتوانین بیکەینە برینەکەشەوە.

    3. خاوێن هێشتنەوەی برین

      خاوێن هێشتنەوەی برین یارمەتی دەدات بۆ باشتربوونەوەی زیاتری برین. شوشتنی برین بە ئاو و سابوون(و بەتایبەت شامپۆی مناڵان) تا ڕادەیەک کە خوێنە بەستراوەکان و پژاندنەکانی سەر برینەکە نەهێڵرێتەوە یارمەتیدەرێکی ئێجگارباشە. باشتر وایە کە ئەمە هەموورۆژێک 4 – 3 جار بکرێت. جێبەجێنەکردنی ئەم خاڵە هەرەگرنگە یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی بەجێمانی ئاسەواری تەقەڵ لەوانەدا کەوا نەشتەرگەری جوانکارییان کر‌دووە.

    4. بەری دەستێوەردانی ناپێویست پێگرتن.

      مەهێڵە برینەکان دەستیان تێوەربدرێت (وەک هەڵکەندنی پێستەکەی). زۆربەمان ئەوە دەزانین کە یەکێک لە بکەرە گرنگەکانی بەجێ‌مانی ئاسەواری زیپکەی دەموچاو، دەستلێدانە لێیان و هەڵکەندنیان. بەداخەوە تاوەکوو ئەمڕۆ هیچ چەشنە چارەسەرێک(لەیزر، دەرمان و …) کە توانای ئەوەی هەبێت بە تەواوەتی ئاسەواری برینەکان بسڕێتەوە بوونی نییە.

    5. نەهێشتنی مەودای نێوان لێوارەکانی برین

      گەر نێوان لێوارەکانی برین مەودایەک دروست بووبێت دەبێ بە شێوازگەلێکی جۆراوجۆر ( تەقەڵی گونجاو، تیپی تایبەت بە تەنراو و …) ئەم مەودایە بسڕدرێتەوە، دەنا ئەم مەودایە بە ئاسەواری بەجێماوی برینەکە پڕدەبێتەوە. من بە درێژایی خولەکانی چارەسەرکردن هەندێک جار ئەوانەم دەبینی کە بەهۆی دڵەڕاوکێ لە بەجێمانی ئاسەواری برینەوە نەیاندەویست ئەم شێوازە بەکاربێنن. گەر بمەوێت زانستیانە و دادپەروەرانە ناوبژیوانی بکەم دەبێ بڵێم کە تەقەڵ وەک چەقۆیەکی دوولێوار، ئاوەهایە. لەو کاتانەدا کە تەقەڵ ساخ و بە وردی دەدرێت دەکرێت سیحر بکات بەڵام بەپێچەوانەوە گەر ناگونجاو لێدرابێت ئەوا دەرەنجامەکە ئەوەندەیتر ناخۆش دەکاتەوە.

    6. نەهێشتنەوەی ناکۆکیی نێوان ئاستی لێوارەکانی برین

      گەر لێوارەکانی برین لە ئاستێکدا نەبن،بەم واتایەی کە لیواری لایەک بانتر یان خوارتر لە لایەنی بەرامبەر بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی خراپی دەبێت. ئەم بابەتە یەکێکە لە هەرەگرنگترین بکەرەکانی دروستبوونی برینە پلکانەیی شێوەکان، هەربۆیە دەبێ ناکۆکیی ئاستەکان بە لێدانی تەقەڵی گونجاو چاک ببێتەوە.

    7. نەهێشتنەوەی قڕۆڵبوونی لێوارەکانی برین

      گەر لێوارەکانی برینەکە هەڵگەڕابێتەوە بۆ ناوەوەی، ئەوا بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی نەرێنی بەجێ‌دەهێڵێتەوە، ئەم هاوکێشەیە بکەرێکی سەرەکیی دروستبوونی برینە قڕۆڵەکانە،هەربۆیە پیویستە بە لێدانی تەقەڵی گونجاو، قەرەبوو بکرێتەوە.(چاککردنەوەی ئەم چەشنە برینانە بە شارەزایی و لێهاتوویی پژیشکەکەوە بەندە).

    8. نەگۆڕهێشتنەوەی لێوارەکانی برین

      گەر برینەکە لە شوێنێکدایە کە پێستەکەی بەردەوام لە جووڵەدا بێت وبکێشرێت (وەک دەوروبەری لێوەکان، دەوروبەری بژانگ و برۆ) سەرەڕای ئەوەی کە لێوارەکانی برینەکە مەودایەکیان لەنێواندا نەبێت و ڕێک کەوتبێتنە پاڵی یەکترەوە، پێشنیار دەکرێت کە تەقەڵی بدەن، چونکوو لە درێژەی ماوەی چاکبوونەوەدا بە جووڵەی تەنراوەکانی دەوروبەر لەوانەیە مەودایەک لەنێوان لێوارەکانی برینەکەدا بێتە ئاراوە

    9. تەقەڵی برین لە ساتەوەختە یەکەمەکاندا

      لەکاتێکدا کە برینێک پێویستی بە تەقەڵ بێت باشتر وایە ئەم ئەرکە لە ساتەوەختە یەکەمەکاندا جێبەجێ ببێت. لەبەرئەوەی کە تێپەڕینی کات دەبێتە هۆی ئاوسانی لێوارەکانی برینەکەوە و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی دادەبەزێنێت.

    10. بەکارنەهێنانی کرێم یان زەمادەکانی نەهێشتنەوەی ئاسەواری برین لە دوو هەفتەی یەکەمدا

      هەتا کاتی داخرانی برینەکە و تەواوبوونی توێکی ئێپیتلیۆمی پێستەکەی ( نێزیکەی دوو هەفتەی یەکەمی دروستبوونی برین) کرێم یان زەمادەکانی نەهێشتنەوەی ئاسەواری برین( ئەلیز، ڕێژۆدێرم، ئاڵفا و …) بەکارمەهێنە. چونکوو سەرەڕای ئەوەی کە ئەم دەرمانانە دکرێ دەوریان هەبێت لە چاککردنەوەی بریندا، دیسان بەوحاڵەشەوە بەکارهێنانی پێشوەخت لە ئەوانە دەتوانێت کاریگەریی پێچەوانە دابنێت.

    شێوازەکانی داشاردنی ئاسەواری برین

    1. داشاردنی برین بە مووەکان

      لەو ئافرەتانەدا کە برینێکیان هەیە لە سەرەوەی توێڵ و برۆ، پێشەوەی گوێ یان سەرەوەی مل، دەتوانن بە قژ و موو بیانشارنەوە. لە پیاواندا برینەکانی دەوروبەری دەم، خوارەوەی دەموچاو و سەرەوەی مل بە ڕدێن(ڕیش) و سمێڵ دادەشارێتەوە.(وێنەی لای خوارەوە).

    1. بەکارهێنانی مەکیاج

      لە ئەو کەسانەدا کە ئاسەواری برینەکە کەم تا زۆر بچووکە یان لووسە و ئەوانەش کە برینەکەیان لەچاو دەوروبەریەوە ڕەنگێکی جیاوازی هەیە دەتوانن بە بەکارهێنانی مەکیاج بەسانایی کێشەکە داشارنەوە و پەردەپۆشی کەن.

    2. چاندنی موو

      بەتایبەت لە ناوچەکانی برۆ و سەردا لەوانەی کەوا ئاسەواری برینەکەیان بەهۆی نەمانی مووەکانی ئەو ناوچەیەوە زیاتر دەبینرێت دەتوانێت کاریگەر بێت. (وێنەی لای خوارەوە).

هەر جۆرێک بێت هەندێک جار سەرەڕای جێبەجێکردنی خاڵەکانی لای سەرەوە، دیسانەوە هەر ئاسەواری برینەکە دەمێنێتەوە کە دیسانیش ڕواڵەتێکی جوانی نییە و لەهەمووشی خراپتر ئەوەیە کە جارجارە ئاسەواری برینەکان بە شێوازێکە کە قسەکردن، پێکەنین یان هەر چەشنە جووڵەیەکی ماسولکەکانی دەموچاو تۆختر دەکات. (وێنەی لای خوارەوە)

شێوازەکانی نەهێشتنەوەی ئاسەواری برین

شێوازگەلێکی جۆراوجۆری نەشتەرگەری و بێجگەنەشتەرگەری( وەک لەیزر و جۆرەکانی دەرمان) بۆ نەهێشتنەوەی ئاسەواری برینەکان بوونیان هەیە کە هەرکامە و تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەگشتی هیچ چەشنەشێوازێک بەتاقی‌تەنیا کاریگەر نابێت. هەربۆیە بۆ بەکارهێنانی

شێوازی دەرمانکردن، دەبێ سەرنج بدرێتە تایبەتمەندییەکانی برینەکە و هەروەها خاڵە ئەرێنییەکانی جۆری چارەسەرکردنی هەڵبژێردراو. ئاگاداری ئەوە بن کە هیچکام لە شێوازەکانی چارەسەرکردن توانای ئەوەیان تێدانییە کە بەتەواوەتی برینەکە بسڕنەوە. هەربۆیە ئامانجی بەکارهێنانی چەشنە جۆراوجۆرەکان ئەمەیە کە ڕواڵەتی برینەکە بە جۆرێک بگۆڕین کە نەبینرێت یان کەمتر بەرچاوبکەوێت. شێوازە بێجگە نەشتەرگەرییەکان وەک لەیزر، دەرمانە پێستییەکان، درێم ئێبریژێن و هتدن. لە زۆربەی کاتەکاندا دەکرێ بڵێین کاریگەرییان وەک یەک وایە هەر بۆیە دەکرێت یەکیان لەجیاتی ئەویتردا بەکاربهێنین. بۆ نموونە لە ئاسەواری برینەکەدا لەوانەیە بەکارهێنانی لەیزر و درێم ئێبریژێن کاریگەرییەکی تا ڕادەیەک وەک‌یەکیان هەبێت.

لەکاتێکدا کە شێوازەکانی نەشتەرگەری بۆ ئاسەواری برینە بچووکەکان(وەک ئاسەواری زیپکەی دەموچاو) چەشنێکی گونجاو نییە و لەوانەشە کاریگەریی نەرێنیشی لەسەردابنێت، لە برینە گەورەترەکاندا، شێوازێکی کارامە دەدرێت لە قەڵەم، بەجۆرێک کە هیچکام لە شێوازەکانی بێجگەنەشتەرگەری ئاکامێکی ئاوەها بەدی ناهێنن. بۆ نموونە لە وێنەکەی لای خوارەوەدا سەرەڕای ئەوەی کە نەخۆشەکە بۆ ماوەی چەن ساڵێک دەرمانی جۆراوجۆر و لەیزریشی بەکارهێناوە، دیسان بەو حاڵەشەوە دەرەنجامەکە وەک دیارە گونجاو نییە.

ڕێگەکانی چاککردنەوەی ئاسەواری برین لە شێوازی نەشتەرگەریدا

  1. باریککردنەوەی ئاسەواری برینەکە تا ئەو ڕادەیەی کە دەکرێت

    زۆربەی ئاسەواری برینەکان بەبۆنەی پانبوونەوە، سەرنج بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن و بە تەئکید بە باریکتربوونەوەیان کەمتر دەکەونە بەرچاو. باریککردنەوەی ئاسەواری برین بەس لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە جێبەجێ دەکرێت و گەر برینەکەی تۆ پانە باشتر وایە بە بەرخۆرکردنی دەرمانە پێستییەکان و بەکارهێنانی لەیزر پارەکەت فڕێنەدەیتە زبڵدانەوە و دڵنیاش بە ئاکامی پێویست وەرناگریت. چونکوو شێوازەکانی بێجگەنەشتەرگەری ناتوانن ئاسەواری برینەکە باریک بکەنەوە.

  2. هاوئاست پێکردنی ئاسەواری برین لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەریدا

    سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک جاری لاوەکی ئاسەواری برینی ناهاوئاست، دەتوانێت بە شێوازگەلێکی بێجگەنەشتەرگەری چاک بکرێتەوە بەڵام لە جۆرە توندترەکاندا، کاریگەریی نەشتەرگەری لەچاو شێوازەکانی بێجگەنەشتەرگەری گەلێک باشترە. هاوئاست پێکردنی ئاسەواری برین لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەریدا، لە کەمتر بینرانیدا گەلێک کاریگەرە.

  3. ناڕێکوپێک کردنی ئاسەواری برین

    زۆربەی جێگە بریندارەکان بەهۆی ڕاست و ڕێکوپێک بوونیانەوە بەئاسانی دەبینرێن. گەر ئەم هێڵە ڕێک و ڕاستانە وەک هێڵگەلێکی شکاو یان زیکزاڵیان لێبێت کەمتر دەکەونە بەرچاو، لەبەر ئەوەی کە چاوی مرۆڤ بەئاسانی ناتوانێت عاقاری هێڵە ناڕێکەکان ببینێتەوە. لەڕاستیدا ئەم شێوازە بە دروستکردنی هەڵەی بینین ئاسەواری برینەکە دادەشارێت. ئەم شێوازەش بەس بە بەکارهێنانی نەشتەرگەری جێبەجێ دەبێت. وەک لە وێنەکانی لای خوارەوەدا دیارە هەرکام لە سێ شێوازەکە بۆ چاککردنەوەی ئاسەواری برینی ئەم نەخۆشە بەکارهێنراوە.

  1. شاردنەوەی ئاسەواری برین لە چرچ‌ولۆچی و هێڵە سروشتییەکاندا

    ئەم بەشە لە شێوازەکانی شاردنەوەی ئاسەواری برین، ئێجگار سەیرە و کاریگەرییەکی هەرەباشیش لەسەر جوانی دادەنێت. سەرەڕای ئەوەی کە بنەمای زانستیی تایبەت بە خۆی هەیە بەڵام بۆ جێبەجێ کردنی بەهرەی هونەری و دانبەخۆدانانی پژیشکەکی پێویستە. ئەم شێوازەش بەس لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە جێبەجێ دەبێت.

ئاگاداری:

لەکاتێکدا کە ئاسەواری برینەکەت تازەیە و چاککردنەوەی سەرەتاییەکەی نەگونجاو بووە، نابێ کوت‌وپر نەشتەرگەریی دووپاتە دەستپێبکەیت. چونکوو پانتایی برینەکەت ئامادەیی پێویستی تێدا نییە بۆ گۆڕانکاریی تازە و هەرچەشنە چاککردنەوەیەکی لەناکاو دەکرێ دەرەنجامەکەی ببات بەرەو ئاقارێکی پێچەوانە. لانی کەمی ماوەیەک کە دەبێ لە نێوان چاککردنەوەی سەرەتایی و سەرلەنوێدا هەبێت ٣مانگە. ئاگادار بە کە گەر دەتوانیت چاککردنەوەی سەرلەنوێ دوا بخە بۆ ٦مانگ دواتر. لەدرێژەی ئەم ٣مانگ بۆ ٦مانگەدا شێوازە بێجگە نەشتەرگەرییەکان بەکاربهێنە بۆ چاککردنەوەی ئاسەواری برینەکە. گەر پژیشکێک ٣مانگ پێشنیاری نەشتەرگەری پێکردیت لەوانەیە زانیاریی پیویستی نەبێت لە بوارەدا و یان بەبۆنەی بەرژەوەندی خۆیەوە ئاوەهای وتبێت.

شێوازە بێجگەنەشتەرگەرییەکان

شێوازە بێجگە نەشتەرگەرییەکان بریتین لە لەیزر، درێم ئەبرێژێن، دەرمانە پێستییەکان و … . بەگشتی دەکرێت ئەم تایبەتمەندییانەی لای خوارەوەیان بۆ ئاماژە پێ بدەین:

  1. بۆ برینە بچووکەکان (وەک ئاسەواری زیپکە) لەچاو نەشتەرگەری پێشنیار دەکرێت بەڵام بۆ ئاسەواری برینە گەورەکان قازانج و کاریگەرییەکی کەمتری هەیە لە نەشتەرگەری
  2. لەماوەیەکی کورتی دوای چاککردنەوەی سەرەتایی بریندا بەکاردەهێنرێن، هەربۆیە لەوانەدا کە پێویستە پێش چاکبوونەوەی سەرلەنوێ ٣ بۆ ٦٦مانگ بوەستن پێشنیار دەکرێت.
  3. تەواوکەرێکی باشە بۆ چاککردنەوەی ئاکامی نەشتەرگەریی ساخکردنەوە هەربۆیە زۆرجار لەدوای سەرلەنوێ چاککردنەوەی برین بە نەشتەرگەری، ئەم شێوازانەش بەکاردەهێنرێن.
  4. زیاترین مێکانیسمی کاریگەرییان بەم شێوەیە دەبێت کە بە هەڵگرتن یان ڕووخاندنی بەشێک لە پێست، نۆژەنکردنەوەی کلاژێن و زیندوولە نوێکانی پێست بورووژێنرێن. کەواتە کاریگەرییان زیاتر کورت کراوەتەوە بۆ پێست و لە ئاسەواری برینە قووڵەکاندا کاریگەرییەکی ئەوتۆ دااننێت.
Subscribe
Notify of
guest

0 نظرات
Inline Feedbacks
View all comments
0
Would love your thoughts, please comment.x
()
x