گوێکانیش وەک ئەندامەکانیتری دەموچاو دەوریان هەیە لە جوانیی تاکدا. گەورەیی و بەلبوونی گوێکان یەکێکە لە بکەرە کاریگەرەکانی ناحەزیی گوێ. جارجارە ئەم کێشەیە لەلایەن دەوروبەرییەکانەوە، دەبێتە سووژەیەک بۆ گاڵتەپێکردن و ئازاردانی تاک. زۆربەی تووشبووان، بە درێژکردنی قژیان، هەوڵ دەدەن گوێکانیان بشارنەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەمە لە ئافرەتاندا زۆر ساناترە بەڵام لە پیاواندا گەلێک زەحمەتە.
گوێی هەر کەسەو شێوازی تایبەتی خۆی هەیە بەڵام یەکێک لە تایبەتمەندییە گشتییەکانی گوێی ئاسایی، گونجاوبوونیە لەگەڵ ئەندامانیتری دەموچاودا. ئەو گۆشەیەی کە گوێ لەگەڵ جومجومەدا دروستی دەکات لە دۆخی ئاساییدا 30 – 25 پلەیە و مەودای لێواری گوێ تاکوو جومجومەی کەللەسەر 20 – 15 ملمە. گەر هاتو ئەم گۆشە یان مەودایە زیاتر بێت لەو بڕەی سەرەوە، ئەوا پێی دەڵێین گوێی بەل. گوێی بەل زۆرجار وەک دوولایەنە دەردەکەوێت بەڵام جارجارەش تاکلایەنەش دروست دەبێت.
دروستبوونی گوێی بەل، زۆرجار هۆکاری ژێنێتیکیی هەیە و ژێنەکەی ئەو زالە. بەهۆی نەرمیی چیچکەی گوێی کۆرپەکانەوە بۆ بەرگیری لە دروستبوونی گوێی بەل، دەکرێت بە هەندێک زاڵ بەری دروستبوونی گوێی بەل بگیردرێت.بەڵام ئەمە لە سێ هەفتەی یەکەمی ژیاندا وڵامی شیاو وەردەگرێت و دواتر کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. وێڕای ئەمانە دەبێ ئاگادار بن کە نەهێڵن گوێ بچێتەژێر وشاردنێکی لەڕادەبەدەرەوە، چونکوو دەتوانێت ڕواڵەتی گوێ بگۆڕێت بە گوێی گڵمۆچەکراو (وشێردرااو).
لەبیرمان نەچێت کە گوێی بەل لە منداڵانی تەمەن ژێرەوەی 3 – 2 ساڵاندا زیاتر تەشەنەکراو دەبینرێت کە دواتر بە گەشەکردن و گەورەبوونی منداڵ، زۆربەیان چاکدەبنەوە و پێویستیان بە هیچ جەشنە چارەسەرکارییەک نییە. گەشەی چیچکەی گوێنێزیکەی تەمەنی ٦ساڵان تەواو دەبێت و دوای ئەم ماوەیە، بەبێ چارەسەرکردن، چاکبوونەوە لە ڕەوشی گوێکاندا نایەتە ئاراوە.
بەخۆشحاڵییەوە ئەوانەی گوێیان بەلە، توانای بیستنیان تەواوە و ئاسایی. لەلایەکیتریشەوە پلەی زیرەکیی ئەم کەسانە وەک کەسانی دیکەی ناو کۆمەڵگایە و جارجارەش پلەی زیرەکییەکی زیاتریان هەیە لە ئەوانی دیکە. کێشەی گرنگی گوێی بەل، کاریگەرییە دەروونی و ڕۆحییەکانیەتی و دابەزینی متمانەبەخۆییە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی تاک لە کۆمەڵگەدا.
گوێی بەل بە نەشتەرگەری و لەجۆری سەرپێیی چاک دەکرێتەوە. ئەم ئەرکە بە سڕکردنی ڕووکەش و بەبێ پێویستی بە لەهۆش بردن جێبەجێ دەکرێت. هەڵبەت لە مناڵان و لەو کەسانەدا کە بەهۆی ترسەوە توانای ئەوەیان نییە، بە لەهۆشبردن چاک ددەبێتەوە. بە بڕینێک کە لە پشتەوەی گوێدا دەکرێت، بەشێک لە خرتە هەڵدەگیرێت یان ڕواڵەتی دەگۆڕدرێت. دواتر شوێنی بڕینەکە بەباشی ساغ دەبیتەوە و بەبۆنەی پێگەکەیەوە هیچکات نابینرێت. ئەم کارە لە توانای بیستنی تاکدا کاریگەری دانانێت.
ئەم نەشتەرگەرییە لەدوای کۆتاییهاتنی گەشەی خرتە (لەدوای ٦ساڵانەوە) دەکرێت. دەرەنجامی ئەم نەشتەرگەرییە لە منداڵان و گەورەساڵاندا وڵامی باشی خۆۆی وەرگرتووە و جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئەوانیتردا. بەڵام گەر ئەمە لە تەمەنی مناڵیدا جێبەجێ بکرێت دەکرێ بەری دابەزینی متمانەبەخۆیی و گۆشەگیریی تاک بگیردرێت.
ئەم نەشتەرگەرییە گەلێک سووک و سانایە و وەک چۆن ئاماژەی پێ کرا بەشێوەی سەرپێیی دەکرێت. لەدوای نەشتەرگەرییەکە پێویستی بە پشوو نییە لە ماڵەوە و تاک، ڕۆژی دوای نەشتەرگەری دەتوانێت بەردەوام بێت لە چوون بۆ قوتابخانە یان ئیشکردنەکەی.