نەشتەرگەریی جوانکاری لێو

زمان مطالعه مطلب: 3 دقیقه

هەندێک ڕاسپاردن بۆ گەورەکردنەوەی لێوەکان

لەڕابردوودا هەر تاکێک بەسترابوو بەو ڕوومەتە خواپێداوەوە کە بەپێی ژێنێتیکی هەر تاکێک دیاریدەکرا. تاکەکان تایبەتمەندییەکانی ڕوومەتی خۆیان لە دایک و باوک وەکوو میرات وەردەگرت و نەیاندەتوانی بیگۆڕن. بەڵام ئەمڕۆکە بەهۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیاوە هەر تاکێک دەتوانێت تا ڕادەیەک بەشە ناجوان و ناشیرینەکانی ڕوومەتی خۆی بگۆڕێت. بۆ نموونه ئەو کەسەی کە قێز لە لووتە زل و چەماوەکەی خۆی دەکات بە نەشتەرگەری، ڕوومەتێکی گونجاوتر دەگرێتە خۆی.

لێوە هەڵکۆڵراوەکان یەکێکن لە پێوەرەکانی جوانی دەموچاو کە ئەمڕۆکە هۆگرانێکی زۆری لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە. هەرچەندە هەندێک لە خەڵک لێوەکانیان هەڵکۆڵراوە بەڵام زۆریتر هەن کە خەفەتی وێبوونی لێوێکی ئاوەهایان هەیە. لێرەدا شێوازە باوە جۆراوجۆرەکانی هەڵکۆڵینی لێو هەن کە بە کورتی لەسەریان دەدوێین. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە لەم دەقەدا هەوڵی ئەوە دراوە دادپەروەرانە و بە دوورەپەرێزی لە هەرجۆرە ڕێکلامێکی مارکی جیل یان پرۆتێزێکی تایبەت ئەم مژارە بخرێتە بەردەست.

شێوازە باوەکانی هەڵکۆڵاندنی لێو

پرۆتێزی لێو

یەکێک لە شێوازەکانی هەڵکۆڵاندنی شوێنە جۆراوجۆرەکانی لەش بەکارهێنانی پرۆتێزە لە ژێری ئەو ناوچەیەدا. پرۆتێز بۆ هەڵکۆڵینی مەمک، گوپ و … بەکاردەهێنرێت بەڵام ئایا بەکارهێنانی پرۆتێز بۆ لێو رەزامەندیی زۆری نەخۆشەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت وەک بۆ شوێنەانی دیکە؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە باشترە سەرنج بدەین بۆ تایبەتمەندییەکانی لێو. لێو ئەندامێکی ماسولکەییە کە توانای چوونەیەک و کرانەوەی هەیە. قەبارەی لێوەکان لەکاتی پێکەنیندا دوو ئەوەندەی دۆخی ئاساییە و بە قسەکردن بەردەوام شێوازی لێو دەگۆڕدرێت. ئەم تایبەتمەندییانەی لێو لە شوێنەکانیتردا کە پرۆتێزی تێدا دەچێنرێت نابینرێت.

لە لایەکی دیکەوە هەتا ئەمێستاکە پرۆتێزێک کە بتوانێت وەک لێو چوونەیەک و کرانەوەی هەبێت بەرهەم نەهێنراوە. بەپێی ئەم بابەتانەی خرانە ڕوو دەردەکەوێت کە بۆچی خوازیارانی پرۆتێز ئەوەندە ڕێژەیان کەمە. سەرەڕای ئەوەی کە دانانی پرۆتێز بۆ لێو بە سڕکردنی ڕووکەش بەسانایی دەکرێت و تێچوویەکی زۆری نییە بەڵام ئەوانەی ئەم پرۆتێزە بەکاردەهێنن گلەییان هەیە لە دەرکەوتنی ناسروشتی بوونی لێویان لەکاتی پێکەنین و پەیڤیندا. هەر بۆیە ئەم هۆکارە دەبێتە هۆی ئەوەی دوای ماوەیەک حەزبکەن پرۆتێزەکەیان دەربێننەوە.

سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی درێژە پرۆتێز لە بازاڕدا بوونی هەیە بەڵام هۆگرانێکی زۆری لەدەوری خۆی لەناو نەخۆشەکاندا کۆنەکرددۆتەوە.

لێدانی جیل یان فیلەر

ئەمڕۆکە ئەم شێوازەی هەڵکۆڵینی لێو زیاترین لایەنگری هەیە. بۆ ئەم مەبەستە کەڵک لە جیلگەلێکی جۆراوجۆر وەردەگیرێت بەڵام باوترین جۆر جیلی هیالۆرۆنیک ئەسیدە. ئەم ماددەیە لە خەستێتیە جۆراوجۆرەکان و بە مارکی جۆراوجۆرەوە بەردەستە. ئەسیدی هیالۆرۆنیک لە لەشدا خێرا لێک جوێ دەبێتەوە بەڵام تەکنۆلۆژیای تازەوای کردووە مۆلکۆلگەلێکی گەورەتری لێ بەرهەم بێت و درەنگتر لێک جوێ ببێتەوە. لەکاتێکدا کە لێدانی جیل ڕێک‌وپێک و یەکدەست بکرێت لێوەکان بە باشترین شێوە هەڵدەکۆڵرێن و لەلایەکیتریشەوە لەکاتی پێکەنین و پەیڤیندا سروشتی بەرچاو دەکەون. ناهاوخشتبوونی لێوەکان و بەرزی و نزمییە بینراوەکان لە دەرەنجامە ناخۆشەکانی هەموو جۆرە لێدانی جیلێکن. هەندێک لە جیلەکان لێژدەبنەوە و دەبەسترێن بەڵام ئەم دۆخانە لە هیالۆرۆنیک ئەسیددا بە کەمی دەردەکەون. بەگشتی هەرەباشترین جیل بۆ هەڵکۆڵینی لێو هیالۆرۆنیک ئەسیدە بە خەستێتی کەمەوە کە لە نێوان ٣ بۆ ٦مانگدا کاریگەریی دەمێنێتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پێویستی بە لێدانی پەیتاپەیتا هەیە بە مەودای زەمەنی ئێجگار کەم، تێچووەکەی زۆرە و نەخۆشەکان وایان پێباشترە لە جیلگەلێکی خەستتر کەڵک وەربگرن کە پارەکەی گونجاو بێت.

لەبیرتان نەچێت کە لەم کاتەدا کە ئەم وتارەی تێدا نووسراوە، لەنێوان هەموو جۆرەکانی جیلی ناوبازاڕی دەرماندا، جیلە تاهەتاییەکان یان ئەوانەی مانەوەی یەکساڵەیان هەیە بۆ لێو پێشنیار ناکرێن. چونکوو ئەم جیلانە سەرەڕای گونجاوبوونی تێچوو دەرەنجامی ناخۆشی زیاتریان هەیە و هەندێک جاریش نەخۆشەکە دەبێ چەندئەوەندە پارە بدات بۆ چاککردنەوەی ئەو نەخۆشینانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی ئەم جیلانەوە تووشیان بووە.

لەبیرتان نەچێت کە دەبێ ئاگاداری ئەوە بن ڕێژەیەکی زۆر جیل نەدرێت لە لێوەکان. هەرچەند ڕێژەی جیلی لێدراو زیاتر بێت ئەگەری دەرکەوتنی بەرزی و نزمییەکان لەدوای لێدان، لە لێوەکاندا زیاتر دەبێت. ئەگەر ئێوە لێوگەلێکی ئێجگار ناسکتان هەیە بۆ ڕێپێنەدانی دروستبوونی بەرزی‌ونزمی، لەچاو تاکە ئاساییەکان، قەبارەیەکی کەمتر لە جیلەکە بۆ لێدانی ئێوە دەبێت.

لێدانی چەوری

لەم شێوازەدا چەوریی بەشێک لە لەش لادەبرێت و لە لێوەکان دەدرێت. لەم ڕوانینەوە کە چەوری خۆی لە جنسی لەشە ئەگەری چڵککردن لەدوای لێدان ئێجگار کەمە بەڵام ئاوسانی دوای لێدانی چەوری بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و حاڵەتگرتنی لێو بەم شێوەیە لە لێدانی جیل باشتر نییە. سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لێدانی چەوری کاریگەریی کاتی دادەنێت بەڵام هیچ ئەوانە ڕاست نین و کاریگەریی تاهەتایی دەبێت. تاهەتایی بوونی کاریگەریی لێدانی چەوری تا ڕادەیەکی زۆر بە چۆنێتی لێدانەکە و شارەزایی پژیشکەکەوە بەستراوە.

هەڵکوڵاندنی لێوەکان بە نەشتەرگەری

شێوازگەلێکی جۆراوجۆر هەن بۆ هەڵکۆڵاندنی لێوەکان. ئەم شێوازانە مانەوەیان تاهەتاییە و بۆ ئەوانەی کە لێوگەلێکی ئێجگار ناسکیان هەیە باشترین شێواز دێتە هەژمار. لێدانی بڕێکی زۆر جیل لە لێوە ناسکەکاندا تووشی نەخۆشینی جۆراوجۆرتان دەکات و نەخۆشەکەشی پێ ڕەزامەند ناکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم جۆرە لێوانه بە نەشتەرگەری باش هەڵدەکۆڵرێن و گۆڕانکاریی دڵخوازیان بەسەردا دەکرێت. هەرکام لە شێوازەکانی نەشتەرگەری تەنگانە و قازانجەکانی تایبەت بەخۆی هەیە، گەر هاتو حەزتان لە نەشتەرگەری بوو باشتر وایە ئاگاداری ئەو نەخۆشینانە بن کە وەک لەدوای نەشتەرگەرییەکە مرۆڤ تووشیان دەبێت.

Subscribe
Notify of
guest

0 نظرات
Inline Feedbacks
View all comments
0
Would love your thoughts, please comment.x
()
x