نەشتەرگەریی جوانکاری لووت

زمان مطالعه مطلب: 3 دقیقه

نەشتەرگەریی جوانکاری لووت یان ڕاینۆپلاستی (Rhinoplasty) چییە و بە چ شێوەیەک دەکرێت؟

نەشتەرگەریی جوانکاری لووت یەکێکە لە هەرە باوترین نەشتەرگەرییە جوانکارییەکانی وڵاتی ئێران. ئامانجی ئەم نەشتەرگەرییە گۆڕینی ڕوومەتی لووتە بۆ نەهێشتنی هەندێک بەشی ناکۆکی لووت و هارموونی پێدانی لووت لەگەڵ دیکەی ئەندامانی دەموچاودا. لەم نەشتەرگەرییەدا دەتوانرێت هەندێک شوێنی لووت گەورە یان بچووکتر بکرێتەوە یانیش ئاستی ڕوانینی لووت بۆ ئەمبەر و ئەوبەر یان سەرەوە بگۆڕدرێت. لە هەندێک خەڵکدا گۆڕانکارییەکی ئێجگار بچووک لە لووتدا دەتوانرێت ببێتە هۆی زیاتربوونی قۆزی و جوانیی کەسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو. ئەم دۆخە لە نەشتەرگەرییەکانی دیکەدا زۆر بە کەمی هەست پێدەکرێت.

لە چ کاتێکدا نەشتەرگەریی جوانکاری لووت دەکرێت؟

ئەم نەشتەرگەرییە زیاتر لەم خاڵانەی لای خوارەوەدا دەکرێت:

  • لابردنی چەماوەیی لووت

  • بچووک (یان لە هەندێک خاڵی دەگمەندا گەورە) کردنی قەبارەی لووت لەچاو شوێنەکانیتری دەموچاو

  • کەمکردنەوەی پانایی لووت

  • چاککردنەوەی خواریی لووت لەهەمبەر شکانەکانی ڕابردوو

    • گەورەیی و پانایی لووتکەی لووت یان داکەوتنی لووتکەی لووت

بچووککردنەوەی کونەکانی لووت لەکاتێکدا کە زۆر گەورە یان پان بن.

ئایا پێویستە ئێوە نەشتەرگەریی جوانکاری لووت بکەن؟

بەگشتی نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان بە ڕا و سەلیقەی ئێوەوە بەستراوە. لەکاتێکدا کە خۆتان حەز بە نەشتەرگەری ناکەن بە قسەی ئەم و ئەو ئەم کارە مەکەن.

کاتی گونجاو بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاری لووت

لەڕووی زانستییەوە کاتێک کە گەورەبوونی ئێسکەکانی دەموچاوتان تەواو بووبێت ( بۆ خانمەکان لە کۆتاییەکانی تەمەنی ١٣ساڵیدا و بۆ پیاوان لەدوای ١٤ساڵان) تاک بۆی هەیە ئەم نەشتەرگەرییە بکات. بەپێی ئەزموون، من پێتان دەڵێم کە ئەم نەشتەرگەرییە لەدوای تەمەنی ١٦ساڵانەوە ئەنجام بدەن.

خاڵە گرنگەکان بۆ بڕیاردان سەبارەت بە نەشتەرگەریی جوانکاری لووت

باشتر وایە سەرەتا وێنەکانی لووت لە ڕوانینە جۆراوجۆرەکانەوە بپشکنرێت، چونکوو هەندێک لە ناکۆکییەکانی لووت بەس لە ڕوانینێکی تایبەتەوە دەرئەکەوێت. سەرنجدان بۆ شوێنەکانیتری دەموچاو و هەڵسەنگاندنی لووت بەتایبەت لەگەڵ چەناکە و گوپەکاندا ئێجگار گرنگە. بچووکبوونی هەرکام لە ئەم خاڵانە دەبێتە هۆی گەورە بینرانی لووت. بەرلە نەشتەرگەری با وێنایەکتان لە دوای نەشتەرگەرییەکەی خۆتان هەبێت. ئەم کارە دەتوانێت یارمەتیتان بدات بۆ بڕیاردان. بە خوێندنەوەی بابەتەکانی بەشی ” چۆن لووتمان لە ڕوانگەی جوانناسییەوە بپشکنین ” دەتوانن لێکدانەوەیەکی ساناتان لە لووتی خۆتان هەبێت و بزانن کام بەش لە لووتتان بگۆڕدرێت باشترە. لە پژیشکەکەتان داوا بکەن بەیارمەتی نەرم‌ئامێرێکی وێنەهەڵگر، وێنەیەک لە لووتتان لەدوای نەشتەرگەرییەکە بخاتە بەردەستتان، هەرچەندە ئەو وێنەیە وێنەی تەواوکەر و کۆتایی و ڕاستەقینە نییە بەڵام تا ڕادەیەک لەوەدەچێت. لەکاتێکدا کە ئەم نەرم‌ئامێرە لەئارادا نەبوو دەتوانن وێنەکانی پێشەوە و دوای نەشتەرگەریی ئەوانەی لووتیان لە لووتی ئێوە دەچێت ببینن.

پاراستنەکانی دوای نەشتەرگەریی جوانکاری لووت

نەخۆشی بەڕێز، بەگوێرەی ئەوەی کە پاراستنەکانی دوای نەشتەرگەری بەقەد خودی نەشتەرگەرییەکە گرنگن و دواجار نەشتەرگەرییەکە کاریگەر دەبێت، داواکارین بەوردی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە لەبەرچاو بگرن و هەموو خاڵەکانی ببەنە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.

  1. تا ئەو کاتەی کە پێشەوەی لووتی تۆ برینپێچی کراوە، بەردەوام لەکاتە پێویستەکاندا ( پیسبوون) بیگۆڕە.
  2. بۆماوەی ٧٢کاژێر کۆمپرێسی سارد بەکاربێنە بۆ دەوروبەری لووت و ژێرەوەی چاوت.
  3. بۆ ماوەی 72کاژێر تەواو ڕاست ڕامەکشێ یان مەوەستە و لەکاتی نوستندا، سەرت بەرزتر لە شوێنەکانیتری لەشت بێت.
  4. سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک لە پژیشکەکان خواردەمەنیگەلێکی تایبەتت بۆ دوای نەشتەرگەرییەکە دەنووسن بەڵام خواردنی ئانەناس، ئاوی کەرەوز و خواردەمەنییەکانی دیکە، بە بۆچوونی من کاریگەرییەکی وا لە نەهێشتنی کەمایەسی دەوروبەری لووتدا بەجێناهێڵێت ، هەربۆیە لەکاتێکدا کە حەز لە خواردنیان ناکەی، خۆت ئەزیەت مەدە.
  5. لە مشکردنی توند خۆت بپارێزە و بە سێرۆمی شوشتن هەر ڕۆژەو ٤جار بەلایەنی کەمەوە بیشۆ. شوشتنی ڕێکوپێکی لووت وێڕای ئەوەی دەبێتە هۆی نەهێشتنی گیرانی لووت، دابەزینی ئاوساوی بەهۆی پژانەکان و دابەزینی ئێش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەربۆیە ئێش نیشاندەرێکی گرنگە بۆ شوشتنی ناتەواوی لووت.
  6. ئێسپلینت (گەچ) ی لووت زۆرجار لەدوای یەک هەفتە لادەبرێت. تکایە بەرلە سەردان بۆ لابردنی، حەمام بکە و دەموچاوی خۆت بەتەواوەتی بشۆ. خۆشوشتنی ڕۆژانە، هەتا لابردنی ئێسپلینێت قەیناکا و بۆ تەندروستیی نەخۆشەکان پێشنیاردەکرێت. گەر ئێسپلینێتی لووتت شل‌وشۆڵ بووەوە پەرۆشت نەبێت و بۆ پشکنین سەردان بکە. زۆرجار ئەم ڕەوشە لە ئاکامی کۆتایی نەشتەرگەریدا دەورێک نابینێت.
  7. دوورەپەرێز بە لەو هەلومەرجانەی جوینی درێژەخایەنی پێویستە وەک خواردنی بنێشت. دەنا هیچ جۆرە ڕێگرییەکت لێ ناکرێت بۆ ڕێژیمی خواردن.
  8. خۆ بپارێزە لەو کارانەی جموجۆڵ و هێزی زۆریان پێویستە (وەک وەزین و پەیوەندیی نزیکبوونەوە و …) و چالاکییە ڕۆژانەکانی خۆت لە سێ ڕۆژی یەکەمی دوای نەشتەرگەریدا دابەزێنە
  9. هێور فڵچەی ددان بکێشە و لاقەی لێوی سەرەوە مەکە.
  10. دووربە لە قسەی زۆرکردن، تەلەفوونی درێژەخایەن و چالاکییە لەڕادەبەدەرە کۆمەڵایەتییەکان لە دووهەفتەی یەکەمدا.
  11. هەتا مانگێک لەدوای چاکبوونەوە مەچۆ بۆ مەلەوانگە.
  12. بۆ ماوەیەکی زۆر مەچۆ بەردەم تیشکی خۆر یان شوێنە گەرمەکان. گەرما دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی ئاوسانی لووت.
  13. لەدوای لابردنی گەچەکە، بڕێک شینایی و ئاوسان بە دەوری چاو و لووتدا دەبینرێت. دڵگرانی ئەم بابەتە مەبە لەبەر ئەوەی کە زۆرجار لەدوای دوو بۆ سێ هەفتە دەسڕدرێتەوە. ئاوسانی لووت تا کاتی نەمانی یەکجارەکی لەوانەیە هەتا 6مانگیش درێژە بخایەنێت. ئاوسانی لووتکەی لووت لە هەموو شوێنەکانیتر درەنگتر لادەچێت.
  14. دەرمانەکان لەکاتی خۆیدا بخۆ و بەبێ ئاگاداربوونەوەی پژیشک لەخۆتی مەبڕە.
  15. بۆ مانگێک چاویلکە بەکاربێنە. گەر پێویست بوو دەتوانی چاویلکەکەت بە تیپ بلکێنیت بە توێڵتەوە.
  16. بەکارهێنانی لێنزی چاو کێشەیەکی نابێت.
  17. بەکارهێنانی شتە جوانکارییەکان هیچ کێشەیەک نییە بەو مەرجەی نەماڵرێتە شوێنی تەقەڵدراوەوە و بەهیچ شێوەیەک زەبر بۆ لووت نەهێنێت و بە لێدان لە لووتی مەدە.
  18. شوێنی تەقەڵەکان هەموو ڕۆژێک ٣ بۆ ٤جار بە ئاو و سابوون بشۆ. بتادین و دژەچڵک نەدەیت لە شوێنی برینەکە. خاوێن مانەوەی تەقەلەکان دەورێکی سەرەکی دەبینێت لە چاکبوونەوەی برینەکە و نەمانی ئاسەواری تەقەڵەکان.
Subscribe
Notify of
guest

0 نظرات
Inline Feedbacks
View all comments
0
Would love your thoughts, please comment.x
()
x