قڵێشی لێو بە حاڵەتێک دەڵێن کە لەکاتی کۆرپەلەبووندا لێوی سەرەوە بەڕێکوپێکی پێکناهێنرێت و یەک یان دوو قڵێشی تێدا دروست دەبێت. لەوانەیە بچووک بێت و بەشێک لە لێو تووش بکات.(وێنەی ١ لای چەپەوە) بەڵام هەندێک جاریش لەوانەیە گەورە بێت و هەتا کونی لووتیش بگرێتە بەر.(وێنەی ١ لای ڕاستەوە). بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، قڵێشی لێو لە کوڕەکاندا زیاتر بەدی دەکرێت بەڵام ئەو توێژینەوانەی کە لە ئێراندا کراون دەریدەخەن کە تەشەنەی لەناو کچاندا تا ڕادەیەک زیاتر بووە. لە زۆربەی کاتەکاندا قڵێشی لێو تاکلایەنەیە بەڵام جرجاارە وەک دوولایەنەش دەبینرێت.(وێنەی ٢)
لەکاتی ئاساییدا، ماسولکەی دەوری دەم وەک بازنەیەکی تەواوە(وێنەی ٣) و ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە گرژبوونی ئەم ماسولکەیە دەم تەواو دەبەسترێت و بە گرژبوونەوەی زیاتری، لێوەکان وەک خونچەیان لێدێت. بە گرژبوونەوەی ئەم ماسولکەیە، نەک تەنیا دەم داناخرێت بەڵکو لێوارەکانی قڵێشەکە مەودایەکی زیاتر لە نێوانیاندا دروست دەبێت. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ڕوانگەی ڕوومەتەوە ڕەوشێکی نەباش بۆ نەخۆشەکە بێتە ئاراوە. (وێنەی ٤)
لەو خاڵانەدا کە قڵێشی لێو تەواو بێت و هەتا کونالووت بگرێتە بەر، کۆتایی ماسولکەکانی لێو کە لە هەردوولای قڵێشەکەوەن، گرێ دەدرێنە دوو لێواری کونالووتەوە. ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە هەر گرژبوونەوەیەکی ماسولکەی لێو، کونالووت لەهەردوولاوە بکێشرێت و دواجار کونالووت لە لایەنی تووشبووەوە، گەورەتر و پانتر ببێتەوە لە لایەنی تەندروست. (وێنەی ٥)
لە قڵێشی لێوی تەواودا، زۆرجار ئێسکی ژێرەوەی قڵێشی لێو پێکناهێنرێت و یان بەباشی گەشەناکات و بەهەمان شێوە کە لە وێنەی لای خوارەوەدا دەبینرێت دەبێتە هۆی لەدواترەوەبوونی کونالووتی لایەنی تووشبوو لەچاو لایەنی تەندروست.
یەکێک لە هەرە باوترین ناکۆکییەکان کە لەگەڵ قڵێشی لێودا دەبینرێت قڵێشی ناوەوەی دەمە( کە لە بەشێکیتردا باسی لەسەر کراوە). لەم کەسانەدا، ناوەوەی دەم پێکناهێنرێت و دەبێتە هۆی هاتنە ئارای پەیوەندییەکی ناسروشتی لەنێوان لووت و دەمدا (وێنەی ٦)
بەخۆشحاڵییەوە لە کۆرپەیەکدا کە ناوەوەی دەمی تەندروستە و بەس تووشی قڵێشی لێو بووە، زۆرجار کێشەیەکی ئەوتۆی نییە لە مژینی مەمک و خواردنی شیردا و کۆرپە دەتوانێت شیری دایک بخوات. لە زۆربەی کاتەکاندا، ڕواڵەت و گەشەی ددانەکان لە تاکی تووشبوو بە قڵێشی لێودا، ناسروشتییە و پێویستی بە جۆرە چارەسەرگەلێکی تایبەت بە خۆ هەیە.
لە کۆرپەگەلێکدا کە تووشی قڵێشی لێون، ئەگەری بوونی ناکۆکیگەلێکیتریش هەیە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی لەشدا( فۆرمی کەللەسەر، چاو، دڵ و …). هەربۆیە پژیشکێک کە بۆ یەکەمجار کۆرپەکە دەپشکنێت دەبێ ئاگاداری ئەم بابەتە بێت و کۆرپەکە لە هەموو بوارەکاندا بخاتە بەر پشکنین.
کاریگەرییە ڕۆحی و دەروونییەکانی قڵێشی لێو، سەرەتا دایکوباوک دەخاتە ژێرڕکێفی خۆیەوە. بەپێی پێگەی کلتووری و کۆمەڵایەتی هەر بنەماڵەیەکەوە ئەم کاریگەرییانە جیاوازن. گەر دایکوباوک تووشی داڕمان و بێهیوایی ببن، لەوانەیە گوێنەدان بە کۆرپەکە و بەدوادانەچوونی ڕەوتی چارەسەرکردن، دەرەنجامەکانی قڵێشی لێو لە منداڵدا ئەوەندەیتر توند و تۆخ بکاتەوە.
بەخۆشحاڵییەوە ئەم مناڵانە زیرەکیی سروشتییان هەیە و لە ڕوانگەی بەهرە و تواناکانەوە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیاندا نییە. من لەگەڵ گەلێک خوێندکاردا پەیوەندیم هەبووە کە هاتوون بۆ چاککردنەوەی وردترین و بچووکترین کاریگەرییە بەجێماوەکانی قڵێشی لێو، لەلایەکی ترەوە هەندێکجار شتانێک هاتوونەتە بەردەستم کە هەتا تەمەنی ٢٣ساڵان بۆ چاککردنەوەیان هیچ هەوڵێک نەدرابوو. گەر کەمێک سەرننج بدەین بە سانایی بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەوان لە بەشەکانیتری دەموچاودا جوانیگەلێکیان هەیە کە ئەم کەمایەسییەی لێو دەشارێتەوە. جێگەی خۆشحاڵییە کە بە پشت بەستن بە زانست و تەکنەلۆژیای ئەمڕۆکەوە، تاکی تووشبوو بە قڵێشی لێو دەتوانێت جوانیی خۆی بگەڕێنێتەوە و ژیانێکی تەواو تەواو ئاسایی هەبێت.
سەرەڕای ئەوەی کە دەتوانین لە ڕۆژانی سەرەتایی ژیاندا قڵێشی لێو چاک بکەینەوە بەڵام وەک پێشنیار دەکرێت واباشترە کە چاککردنەوەی سەرەتایی لە تەمەنی سێمانگاندا بکرێت. لەم تەمەنەدا کۆرپەکە رەوشێکی لەشیی باشتری هەیە بۆ نەشتەرگەریکردن. لە چاکبوونەوەی قڵێشی لێودا دەکرێت هەندێک کار لەسەر ئەوە بکرێت کە بەدفەڕیی دروستبوو ل لووتدا بگۆڕدرێت و چاک ببێتەوە، کە هەر ئەمە خۆی دەتوانێت دەرەنجامی نەشتەرگەریی دوایی باشتر بکاتەوە.
لەدوای ئەمەی کە قڵێشی لێو چاککرایەوە، شوێنی نەشتەرگەرییەکە بە گەورەبوونی منداڵەکە گەورەتر دەبێت و ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر بینرانی کاریگەرییەکانی نەشتەرگەریی پێشوو. سەرەڕای ئەمە، بەدفەڕیی لووتی بەرهەمهاتوو لە قڵێشی لێویش لەگەڵ گەورەبوونی مناڵەکەدا زیاتر دەبێت و زیاتر خۆی دەردەخات. هەربۆیە لە زۆربەی کاتەکاندا پێویستە کە لەدوای باڵقبوون گۆڕانکاریگەلێک لە شوێنی نەشتەرگەریی پێشوو و لە چەن قۆناخدا بێتە ئاراوە و ئەوانەی کە بە بەدواداچوونی بەردەوام ئەم قۆناخانە تێدەپەڕێنن ئاکامێکی باشتر وەردەگرن. ( وێنەکانی ٧ و ٨)