-
-
بەکارهێنانی مەکیاج
لە ئەو کەسانەدا کە ئاسەواری برینەکە کەم تا زۆر بچووکە یان لووسە و ئەوانەش کە برینەکەیان لەچاو دەوروبەریەوە ڕەنگێکی جیاوازی هەیە دەتوانن بە بەکارهێنانی مەکیاج بەسانایی کێشەکە داشارنەوە و پەردەپۆشی کەن.
-
چاندنی موو
بەتایبەت لە ناوچەکانی برۆ و سەردا لەوانەی کەوا ئاسەواری برینەکەیان بەهۆی نەمانی مووەکانی ئەو ناوچەیەوە زیاتر دەبینرێت دەتوانێت کاریگەر بێت. (وێنەی لای خوارەوە).
-
هەر جۆرێک بێت هەندێک جار سەرەڕای جێبەجێکردنی خاڵەکانی لای سەرەوە، دیسانەوە هەر ئاسەواری برینەکە دەمێنێتەوە کە دیسانیش ڕواڵەتێکی جوانی نییە و لەهەمووشی خراپتر ئەوەیە کە جارجارە ئاسەواری برینەکان بە شێوازێکە کە قسەکردن، پێکەنین یان هەر چەشنە جووڵەیەکی ماسولکەکانی دەموچاو تۆختر دەکات. (وێنەی لای خوارەوە)
شێوازەکانی نەهێشتنەوەی ئاسەواری برین
شێوازگەلێکی جۆراوجۆری نەشتەرگەری و بێجگەنەشتەرگەری( وەک لەیزر و جۆرەکانی دەرمان) بۆ نەهێشتنەوەی ئاسەواری برینەکان بوونیان هەیە کە هەرکامە و تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەگشتی هیچ چەشنەشێوازێک بەتاقیتەنیا کاریگەر نابێت. هەربۆیە بۆ بەکارهێنانی
شێوازی دەرمانکردن، دەبێ سەرنج بدرێتە تایبەتمەندییەکانی برینەکە و هەروەها خاڵە ئەرێنییەکانی جۆری چارەسەرکردنی هەڵبژێردراو. ئاگاداری ئەوە بن کە هیچکام لە شێوازەکانی چارەسەرکردن توانای ئەوەیان تێدانییە کە بەتەواوەتی برینەکە بسڕنەوە. هەربۆیە ئامانجی بەکارهێنانی چەشنە جۆراوجۆرەکان ئەمەیە کە ڕواڵەتی برینەکە بە جۆرێک بگۆڕین کە نەبینرێت یان کەمتر بەرچاوبکەوێت. شێوازە بێجگە نەشتەرگەرییەکان وەک لەیزر، دەرمانە پێستییەکان، درێم ئێبریژێن و هتدن. لە زۆربەی کاتەکاندا دەکرێ بڵێین کاریگەرییان وەک یەک وایە هەر بۆیە دەکرێت یەکیان لەجیاتی ئەویتردا بەکاربهێنین. بۆ نموونە لە ئاسەواری برینەکەدا لەوانەیە بەکارهێنانی لەیزر و درێم ئێبریژێن کاریگەرییەکی تا ڕادەیەک وەکیەکیان هەبێت.
لەکاتێکدا کە شێوازەکانی نەشتەرگەری بۆ ئاسەواری برینە بچووکەکان(وەک ئاسەواری زیپکەی دەموچاو) چەشنێکی گونجاو نییە و لەوانەشە کاریگەریی نەرێنیشی لەسەردابنێت، لە برینە گەورەترەکاندا، شێوازێکی کارامە دەدرێت لە قەڵەم، بەجۆرێک کە هیچکام لە شێوازەکانی بێجگەنەشتەرگەری ئاکامێکی ئاوەها بەدی ناهێنن. بۆ نموونە لە وێنەکەی لای خوارەوەدا سەرەڕای ئەوەی کە نەخۆشەکە بۆ ماوەی چەن ساڵێک دەرمانی جۆراوجۆر و لەیزریشی بەکارهێناوە، دیسان بەو حاڵەشەوە دەرەنجامەکە وەک دیارە گونجاو نییە.
ڕێگەکانی چاککردنەوەی ئاسەواری برین لە شێوازی نەشتەرگەریدا
-
باریککردنەوەی ئاسەواری برینەکە تا ئەو ڕادەیەی کە دەکرێت
زۆربەی ئاسەواری برینەکان بەبۆنەی پانبوونەوە، سەرنج بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن و بە تەئکید بە باریکتربوونەوەیان کەمتر دەکەونە بەرچاو. باریککردنەوەی ئاسەواری برین بەس لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە جێبەجێ دەکرێت و گەر برینەکەی تۆ پانە باشتر وایە بە بەرخۆرکردنی دەرمانە پێستییەکان و بەکارهێنانی لەیزر پارەکەت فڕێنەدەیتە زبڵدانەوە و دڵنیاش بە ئاکامی پێویست وەرناگریت. چونکوو شێوازەکانی بێجگەنەشتەرگەری ناتوانن ئاسەواری برینەکە باریک بکەنەوە.
-
هاوئاست پێکردنی ئاسەواری برین لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەریدا
سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک جاری لاوەکی ئاسەواری برینی ناهاوئاست، دەتوانێت بە شێوازگەلێکی بێجگەنەشتەرگەری چاک بکرێتەوە بەڵام لە جۆرە توندترەکاندا، کاریگەریی نەشتەرگەری لەچاو شێوازەکانی بێجگەنەشتەرگەری گەلێک باشترە. هاوئاست پێکردنی ئاسەواری برین لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەریدا، لە کەمتر بینرانیدا گەلێک کاریگەرە.
-
ناڕێکوپێک کردنی ئاسەواری برین
زۆربەی جێگە بریندارەکان بەهۆی ڕاست و ڕێکوپێک بوونیانەوە بەئاسانی دەبینرێن. گەر ئەم هێڵە ڕێک و ڕاستانە وەک هێڵگەلێکی شکاو یان زیکزاڵیان لێبێت کەمتر دەکەونە بەرچاو، لەبەر ئەوەی کە چاوی مرۆڤ بەئاسانی ناتوانێت عاقاری هێڵە ناڕێکەکان ببینێتەوە. لەڕاستیدا ئەم شێوازە بە دروستکردنی هەڵەی بینین ئاسەواری برینەکە دادەشارێت. ئەم شێوازەش بەس بە بەکارهێنانی نەشتەرگەری جێبەجێ دەبێت. وەک لە وێنەکانی لای خوارەوەدا دیارە هەرکام لە سێ شێوازەکە بۆ چاککردنەوەی ئاسەواری برینی ئەم نەخۆشە بەکارهێنراوە.
-
شاردنەوەی ئاسەواری برین لە چرچولۆچی و هێڵە سروشتییەکاندا
ئەم بەشە لە شێوازەکانی شاردنەوەی ئاسەواری برین، ئێجگار سەیرە و کاریگەرییەکی هەرەباشیش لەسەر جوانی دادەنێت. سەرەڕای ئەوەی کە بنەمای زانستیی تایبەت بە خۆی هەیە بەڵام بۆ جێبەجێ کردنی بەهرەی هونەری و دانبەخۆدانانی پژیشکەکی پێویستە. ئەم شێوازەش بەس لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە جێبەجێ دەبێت.
ئاگاداری:
لەکاتێکدا کە ئاسەواری برینەکەت تازەیە و چاککردنەوەی سەرەتاییەکەی نەگونجاو بووە، نابێ کوتوپر نەشتەرگەریی دووپاتە دەستپێبکەیت. چونکوو پانتایی برینەکەت ئامادەیی پێویستی تێدا نییە بۆ گۆڕانکاریی تازە و هەرچەشنە چاککردنەوەیەکی لەناکاو دەکرێ دەرەنجامەکەی ببات بەرەو ئاقارێکی پێچەوانە. لانی کەمی ماوەیەک کە دەبێ لە نێوان چاککردنەوەی سەرەتایی و سەرلەنوێدا هەبێت ٣مانگە. ئاگادار بە کە گەر دەتوانیت چاککردنەوەی سەرلەنوێ دوا بخە بۆ ٦مانگ دواتر. لەدرێژەی ئەم ٣مانگ بۆ ٦مانگەدا شێوازە بێجگە نەشتەرگەرییەکان بەکاربهێنە بۆ چاککردنەوەی ئاسەواری برینەکە. گەر پژیشکێک ٣مانگ پێشنیاری نەشتەرگەری پێکردیت لەوانەیە زانیاریی پیویستی نەبێت لە بوارەدا و یان بەبۆنەی بەرژەوەندی خۆیەوە ئاوەهای وتبێت.
شێوازە بێجگەنەشتەرگەرییەکان
شێوازە بێجگە نەشتەرگەرییەکان بریتین لە لەیزر، درێم ئەبرێژێن، دەرمانە پێستییەکان و … . بەگشتی دەکرێت ئەم تایبەتمەندییانەی لای خوارەوەیان بۆ ئاماژە پێ بدەین:
- بۆ برینە بچووکەکان (وەک ئاسەواری زیپکە) لەچاو نەشتەرگەری پێشنیار دەکرێت بەڵام بۆ ئاسەواری برینە گەورەکان قازانج و کاریگەرییەکی کەمتری هەیە لە نەشتەرگەری
- لەماوەیەکی کورتی دوای چاککردنەوەی سەرەتایی بریندا بەکاردەهێنرێن، هەربۆیە لەوانەدا کە پێویستە پێش چاکبوونەوەی سەرلەنوێ ٣ بۆ ٦٦مانگ بوەستن پێشنیار دەکرێت.
- تەواوکەرێکی باشە بۆ چاککردنەوەی ئاکامی نەشتەرگەریی ساخکردنەوە هەربۆیە زۆرجار لەدوای سەرلەنوێ چاککردنەوەی برین بە نەشتەرگەری، ئەم شێوازانەش بەکاردەهێنرێن.
- زیاترین مێکانیسمی کاریگەرییان بەم شێوەیە دەبێت کە بە هەڵگرتن یان ڕووخاندنی بەشێک لە پێست، نۆژەنکردنەوەی کلاژێن و زیندوولە نوێکانی پێست بورووژێنرێن. کەواتە کاریگەرییان زیاتر کورت کراوەتەوە بۆ پێست و لە ئاسەواری برینە قووڵەکاندا کاریگەرییەکی ئەوتۆ دااننێت.